توێژینەوەیەک: جلی تەسکی ژێرەوە ئەگەری شێوانی سپێرم بە رێژەی 48% زیاد دەکات
زانایان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە لەبەرکردنی جلی تەسکی ژێرەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو کوالێتی و ژمارەی سپێرمی پیاو دادەبەزێنێت و ئەگەری تێکچوونی ترشی ناووکی (DNA)ـی تۆی پیاوان بە رێژەی زیاتر لە 100% بەرز دەکاتەوە.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا لە چین، زانایان بەراوردیان لە نێوان کوالێتیی سپێرمی 21 هەزار و 221 پیاودا کرد کە جلی فراوانی ژێرەوەیان پۆشیبوو، لەگەڵ 5 هەزار و 615 پیاوی دیکە کە جلی تەسکی ژێرەوەیان لەبەر کردبوو. سەرجەم بەشداربووان لەژێر پشکنینی پزیشکیی بە پیتی و وەچەخستنەوەدا بوون.
دوای رەچاوکردن و هاوسەنگکردنی هۆکارە تەندروستییەکانی دیکە، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە پۆشینی جلی تەسکی ژێرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پێوەرەکانی کوالێتی و بڕی شلەی تۆواو دادەبەزێنێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
-زیادبوونی ئەگەری بەرهەمهێنانی بڕێکی کەمتر لە شلەی تۆواو بە رێژەی 18%
-زیادبوونی ئەگەری کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمی جووڵاو بە رێژەی 12%
-زیادبوونی ئەگەری دابەزینی ژمارەی ئەو سپێرمانەی شێوەی ئاسایی و سروشتییان هەیە بە رێژەی 48%
-زیادبوونی مەترسیی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو سپێرمانەی تووشی شکان و زیانگەیشتن بە ترشی ناووکی (DNA) بوون بە رێژەی %108
هاوکات لە شیکارییەکی لاوەکیدا، توێژەران تێبینیی ئەوەیان کردووە کە گرفتەکانی لاوازیی رەپبوون و زوو ئاوهاتنەوە، لەنێو ئەو گرووپەی جلی ژێرەوەی تەسک بەکاردەهێنن، بە شێوەیەکی فراوانتر بڵاو بووەتەوە.
بۆچوونی توێژەران
ئەم دەرئەنجامانە لە گۆڤاری زانستیی ئاسیایی بۆ تەندروستیی پیاوان (Asian Journal of Andrology) بڵاو کراونەتەوە. تیمی توێژەران بە سەرپەرشتیی شیوێ چون هو، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ، لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای چین، ئاماژەیان بەوە کردووە: پۆشینی جلی تەسکی ژێرەوە پەیوەستە بە نزمبوونەوەی کوالێتیی شلەی مەنی و بەرزبوونەوەی رێژەی لاوازیی رەپبوون و زوو ئاوهاتنەوە؛ بۆیە هەڵبژاردنی جلی فراوان و شلی ژێرەوە، رێکارێکی کرداری و سادەیە بۆ پاراستنی کوالێتیی سپێرم و تەندروستیی سێکسی.
سنوورداریی توێژینەوەکە و هۆکاری بایۆلۆجی
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم دەرئەنجامە ئێستا پەیوەندییەکی چاودێریکراوە و سەلمێنەری هۆکاری راستەوخۆ نییە بەوەی جلی تەسک بە تەنیایی توانای وەچەخستنەوە لەناو ببات، بەڵام بنەما بایۆلۆجییەکان ئەم گومانە بەهێز دەکەن.
بەپێی زانستی پزیشکی، کیسەی گون پێویستی بە پلەی گەرمییەکە کە بە نزیکەی 2 بۆ 3 پلەی سەدی لە پلەی گەرمیی گشتیی جەستە نزمتر بێت، تا خانەکانی سپێرم بە شێوەیەکی تەندروست پێبگەن و گەشە بکەن. لەبەرکردنی جلی تەسک هەواگۆڕکێی ئەو ناوچەیە کەم دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی کیسەی گون بە بڕی یەک پلەی سەدی، کە ئەو بەرزبوونەوەیەش بەسە بۆ تێکدانی هاوسەنگیی بەرهەمهێنانی سپێرم.
ساڵانێکی زۆر بوو پزیشکان و توێژەران هۆشدارییان دەدا کە پانتۆڵ و شۆڕتی تەسک پلەی گەرمیی ناوچەی حەوز و نێوان رانەکان بەرز دەکەنەوە و زیان بە تەندروستیی سپێرم دەگەیەنن، بەڵام بەڵگەی زانستیی بەرفراوان لەوبارەیەوە سنووردار بوو.