حكومەتی ھەرێم باج بەسەر كۆمپانیاكانی نەوت و گاز دەسەپێنێت
بڕیارەكانی چاكسازی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان
K24 - ھەولێر
یەكێك لە بڕیارەكانی چاكسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، دانانی باجە لەسەر كۆمپانیاكانی نەوت و گاز لە كوردستان كە باج نادەن، بۆ ئەم مەبەستەش دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستانی راسپێردراون، بەدواداچوون بۆ كەیسی نەوت و گاز بكەن و بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەتیش ئاگاداركراوەتەوە،كە نابێت چاوپۆشی لە ھیچ كۆمپانیایەك بكرێت.
کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكانی بوارى نەوت و گاز و پاڵاوگە نەوتییەكان بە سەپاندنی باج لە چوارچێوەى یاسا و رێنماییەکان پابەند دەكرێن، ئەم ھەنگاوە یەكێكە لە بڕیارەكانی چاكسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەئامانجی بەرزكردنەوەی داھات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، زیاتر لە 800 كۆمپانیای تایبەت بە نەوت و گاز لە كوردستان ھەن بۆ بەدوادوچوونیش لیژنەیەك پێكھێندراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، دوای تاوتوێكردنی بابەتی سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان، ھەریەك لە دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستانی راسپاردووە بەدواداچوون بۆ كەیسی نەوت بكەن و چاوپۆشی لە ھیچ كۆمپانیایەك نەكەن. بەگوێرەی بڕیارەكە جارێكی دیكە چاو بەگرێبەست و شێوازی كاركردنیان لە كێڵگە نەوتییەكانی كوردستان دەخشێندرێتەوە، دانانی باجیش بەگوێرەی قەرەبای وەبەرھێنانی كۆمپانیاكە دەبێت، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پێیوایە، بڕیارەكانی چاكسازی لە گرێبەستە نەوتییەكان ھەنگاوێكی بوێرانەیە، بۆ ھەمەچەشن و زیادكردنی سەرچاوەكانی داھات.
دارشتنەوەی یاسای باج و لێخۆشبوونی گومرگی یەكێكە لە بڕیارەكانی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە بەشێكی زۆری بڕیارەكان كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەبارەی دانانی باج و لادانی بەشێكی زۆری لێخۆشبوونی گومرگیش، حكومەت سەرجەم كۆمپانیاكانی نەوت و گازی ئاگاداركردووە. لێخۆشبوون و چاوپۆشی ھیچ كۆمپانیایەك ناگرێتەوە.