دوای 30 ساڵ جووەکان گەڕانەوە سووریا

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی لەبارەی گەڕانەوەی جووەکانی بۆ سووریا سەردانی کەنیستە دێرینەکانی دیمەشق بڵاو کردووتەوە کە تێیدا هاتووە:
ڕابی جۆزێف حەمرا و هێنری کوڕەکەی دوو هاووڵاتی جووی سوورین، کە لە ساڵی 1990 وڵاتی سووریان بە جێهێشت بەهۆی ئەوەی، حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی ڕووخاوی سووریا سەردانی کۆمەڵگە و پەرستگەی لە جووەکان قەدەغە کرد.
بۆ یەکەمجار دوای 30 ساڵ باوک و کورە جووەکە گەڕاونەتەوە سووریا و سەردانی یەکێک لە کنیستە دێرینەکانی دیمەشقیان کرد و تەوراتیان تێدا خوێندەوە.
لە کاتی خوێندنەوەی تەوراتەکەدا ڕابی جۆزێف حەمرا، سەرسووڕماوانە دەستی بە کتێبەکەدا دەخشاند، چونکە بۆ ئەوان ئەمە وەکوو خەونێک وابوو.
دوای ئەوەی لە ساڵی 1990، حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووتری ڕژێمی ڕووخاوی سووریا سەردانی کۆمەڵگە و پەرستگەی جووەکانی قەدەغە کرد، هەزاران جوو سووریایان بەجێهێشت؛ ئەوکات ڕابی جۆزێف حەمرا و هێنری کوڕەکەی بۆ واشنتن کۆچیان کرد.
ڕابی جۆزێف حەمرا، تەمەن 77 ساڵ دەڵێت: دوای قەدەغەکردنی ئاینی جوولەکە سووریامان بەجێهێشت بۆ ئەوەی بزانین لە دەرەوەی وڵات چی ڕوو دەدات، ئاماژەی بەوشدا "هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئەو سووریان بەجێهێشت ئێستە مردوون."
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، بنەماڵەی حەمرە بە هاوکاریی ڕێکخراوێکی (Syrian Emergency Task Force) کە ڕێکخراوێکی ناحکوومەتیی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە، گەڕانەوە سووریا، بە گوتەی بنەماڵەی حەمرە، گەڕانەوەکەیان چاوەڕوان نەکراو بوو.
هێنری حەمرای 48 ساڵ، گوتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەڵێنی دا میراتی جوولەکەکان بپارێزیت.
هەروەها گوتی: ئێمە پێویستیەمان بە هاوکاری و ئاسایشی حکوومەتە، دڵنیاشم هاوکاریمان دەکەن.
هێنری و جۆزێف، بەنێو کۆڵانە تەسکەکانی شارە کۆنەکەی دیمەشقدا گەڕان، کە لە لیستی شوێنەوارە کۆنەکانی یونسکۆدان و چاویان بە گەڕەکە کۆنەکەی خۆیان کەوت و سەرسامبوون بە دیتنەوەی نووسینی عیبری لە چەند کەنیستێکدا.
هێنری گوتی: دەمەوێت سەردەمی منداڵیم بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کارە هونەرییەکانی نێو کەنیستەکان ببینم، بەڵام زۆر شت گۆڕاوە و وەکوو خۆیان نەماون.
ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە "پێشتر، دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕایانگەیاندبوو هەموو پێکهاتەکانی سووریا ڕۆڵیان لە داهاتووی وڵاتەکەیان دەبێت، بەڵام ئیسڵامە توندڕەوەکان و کۆنەپەرستەکان بەشێکی زۆری کۆمەڵگە پێک دەهێنن، لەبەرانبەردا عەلمانی و گرووپە کەمینەکانی دیکە بەشێکی کەمی کۆمەڵگەی سووریا پێک دەهێنن."