ئەمەریکا, فەرەنسا و بەریتانیا کۆ دەبنەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگیی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەر یەک لە سەرۆکی ئەمریکا و فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە واشنتن کۆدەبنەوە.

چوارشەممە، 19ــی شوباتی 2025، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا هەفتەی داهاتوو سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دیداریان دەبێت.

مایک واڵتز ڕاشیگەیاند "لە دیدارەکەیاندا ڕۆڵی ئەورووپا لە پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا تاوتوێ دەکەن.

هەروەها ئاماژەشی دا "قۆناغی داهاتوودا تیمی تەکنیکی دروست دەکەین بۆ گفتوگۆکردنی وردتر لەبارەی دانوستاندنەکان."

سەرکردەکانی ئەورووپا بەهۆی بەشداریپێنەکردنیان لە دانوستاندنەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا نیگەرانن. دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن لەو بارەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕێکخست و کییەر ستارمەریش بەشداری کرد.

سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، شاندی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە ڕیاز کۆ بوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ساز دا.

هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەسەر سازدانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment