ناتانیاهۆ: تۆڵە لە حەماس دەکەینەوە

لە دوای گەڕانەوەی تەرمی چوار بارمتەکەی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "لە خەم و توڕەییدا یەکگرتووە"، بەڵێنیشیدا تۆڵە لە "ئەهریمەنەکانی حەماس" بکاتەوە.

ناتانیاهۆ لە وتارەکەیدا گوتی: دارەبازەی چوار کەسە خۆشەویستەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر ناچارمان دەکات بەڵێن بدەین و سوێند بخۆین، ئەوەی لە7ـی ئۆکتۆبەردا ڕووی دا دووبارە نابێتەوە، ئەمەش پێویستی بە یەکلاکردنەوە و ڕێکخستنەوە هەیە.

ناتانیاهۆ دەشڵێت: دڵمان شکاوە، بەڵام ڕۆحمان نەشکاوە، جەختیشی لەوە کردەوە، ئیسرائیل هەموو ڕفێندراوەکان دەگەڕێنێتەوە و "بکوژەکان و حەماس لەناو دەبات، ئاماژەی بەوەش دا ئەمە "بەیەکەوە و بە یارمەتی خودا" دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، حەماس تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سوور کرد. بە گوێرەی پێگەی سی ئێن ئێن، حەماس تەرمی شیری بیباس، تەمەن 32 ساڵ لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی ئەرییلی 4 ساڵان و کیفیری 9 مانگە، ڕادەست کردەوە.

دەگوترێت تەرمی چوارەم هی عۆدید لیفشیتزە، کە کاتی دەستگیرکرانی تەمەنی 83 ساڵ بوو و لەگەڵ ژنەکەیدا یوشیفید لیفشیتز، وەک شیری و منداڵەکانی، لە کیبۆتسی نیر عۆز، لە باشووری ئیسرائیل، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەدیل گیران.

چەکدارانی حەماس، چوار دارەبازەی ڕەشیان لە سەر سەکۆیەکی دارین لە شاری خان یوونس دانابوو، پێش ئەوەی ڕادەستی بەرپرسانی خاچی سووریان بکەن.

دەسەڵلاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند "تەرمەکان، پێشتر ڕادەستی خاچی سوور کراون پاشان دراونەتە سوپای ئیسرائیل لە غەززە."

دواتر، تەرمەکان لە پەیمانگای ئەبوکەبیری پزیشکیی داد، لە تەلئەڤیف پشکنینی تایبەتیان بۆ دەکرێت.

لای خۆیەوە ئیسحاق هرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، پاش وەرگرتنەوەی تەرمی بارمتەکان، گوتی: "دڵی هەموومان بریندارە".

هەروا بەناوی حکوومەتی ئیسرائیلەوە داوای لێبووردنی کرد، لەوەی لە پاراستنی بارمتەکاندا سەرکەوتوو نەبوونە.

حەماس، لە تشرینی دووەمی 2023 ڕایگەیاند کە شیری بیباس و دوو منداڵەکەی، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، کوژراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment