ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هەژار موکریانی شاعیر و زمانزانی کورده‌

ئەمڕۆ 34ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیر و زمانزانی کورد، هەژار موکریانی دا تێدەپەڕێت، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی زمانی دایک

عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، ناسراو بە هەژار موکریانی، لە 13ـی نیسانی 1921 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە. وەک خۆی لە کتێبی چێشتی مجێوردا دەگێڕێتەوە، سەرەتا لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە، دواتر چۆتە حوجرە وانە ئاینییەکانی لەلای چەند مامۆستایەکی ئایینی ئەو سەردەمە خوێندوویەتی.

هەژار لە تەمەنی لاوێتی دا، بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێکاف) و دواتر لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان(مەهاباد) پێشەوا قازی محەممەد، هەژار موکریانی و هێمنی هاورێی وەک شاعیری کۆمار دیاریکران.

هەژار موکریانی، دۆستیکی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، هەژار دەچێتە پاڵ شۆڕش.

هەژار موکریانی جگەلەوەی شاعیربووە، زمانزانێکی نایاب بووە، خاوەنی ژمارەیەک بەرهەمی نووسینە، لەوانە: چێشتی مجێور، شەڕەفنامە، بەیتی سەرە مەڕ، فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە، مەم و زین، بۆ کوردستان.

لە کۆتا ساتەکانی تەمەنی دا، هەژار موکریانی قورئانی پیرۆزی وەرگێرایە سەر زمانی کوردی و بەیەکێک لە شاکارەکانی ئەو شاعیر و زمانزانە دادەندرێت.

هەژار موکریانی لە 21ـی شوباتی 1991 کۆچی دوایی کرد و لە مەهاباد بەخاک سپێردرا. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment