ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنای تۆمارکرد
K24 - هەولێر
ئێران رایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێردا 163 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی رۆژانەیە لەوەتەی سەرهەڵدانی پەتاکە لە مانگی شوباتەوە لەو وڵاتە.
ئێران زەرەرمەندترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتایە. ژمارەی پێوانەیی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران تاوەکو ئێستا لە رۆژێکدا 162 کەس بوو.
سیما سادات لاری، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لەو 24 کاتژمێرەدا لە ئێران بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 163 کەس، بەمەش کۆی گشتیی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 11 هەزار و 571 کەس.
هەروەها رایگەیاند، تووشبوونی 2560 کەسی دیکە بە کۆرۆنا لە ماوەی شەو رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای لە ئێران گەیاندە 240 هەزار و 438 کەس.
ئەو راگەیاندنە لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رۆژانە ژمارەیەکی زۆری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران تۆماردەکرێت و حکومەتیش رایگەیاندووە نیازی وایە بەستنی دەمامک لە شوێنە گشتییەکان بکاتە ناچاری، بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە بکات.