کۆریای باکوور هاوکاریی سەربازیی دەنێرێتە ڕووسیا

بەرپرسێکی دەزگای زانیاریی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، هاوکاریی سەربازیی دەنێرنە ڕووسیا، ئەمەش  دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی هێزی ئاشتیپارێز لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە بۆ سەر سنوورەکانی ڕووسیادا دێت. 

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور لەسەر زاری بەرپرسێکی دەزگای زانیاریی وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە، بڕیارە کۆریای باکوور وەکوو پشتیوانیی بەرانبەر جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا هاوکاریی سەربازیی زیاتر بۆ ڕووسیا بنێریت.

بەگوێرەی میدیایەکە، ئەو سەربازانە لە هەرێمی کورسک نیشتەجێ دەکرێن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی سەربازەکان بدات، ئەمەش بەهۆی ئەو جەنگە بەردەوامەی لە نیوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر سنوورەکانی ناوچەکەدا هەیە.

 کۆریای باکوور، پێشتر زیاتر لە 11 هەزار سەربازی وەکوو هاوکاری بەرانبەر جەنگەکەی ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا ناردبوو؛ هەندێک لە چاودێرانانیش دەڵێن: ڕووسیا لە جەنگەکەیدا تەنانەت چەکی کۆریای باکووریشی بەکار هێناوە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو "ناردنی هەر جۆرە هێزێکی ئاشتیپارێز بۆ سەر سنوورەکانی نزیک لە ڕووسیا ڕەت دەکەینەوە، ئەو هەوڵەشی بە بەنزین کردن بە ئاگردا وەسف کرد."