نزیکەی چوار هەزار ڕەگەزگۆڕاو لە سوپای ئەمەریکا تۆمار کراون

هەرچەندە ژمارەی تەواوی سەربازانی ڕەگەزگۆڕاو لە سوپای ئەمەریکا دیاری نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە ساڵی 2025 نزیکەی چوار هەزار کەس لە سوپای ئەمەریکا ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2020 ژمارەی سەربازانی ڕەگەزگۆراو تەنیا هەزار و 800 کەس بوون. بە مەبەستی دەرکردنی ئەو سەربازانەش، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هەڵەمەتێک دەست پی دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا سێ هەزار و 700 کەس کە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە و لە خزمەتی سەربازی ئەمەریکا تۆمار کراون؛  هەزار و 240 کەس لە هێزی پیادەن، هەزار و 46 کەس لە هێزی دەریاین، هەزار و 24 کەس لە هێزی ئاسمانی و 278 کەسی دیکەش لە هێزی مارینزی ئەمەریکادان.

 ئەمڕۆ، پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بە گوێرەی نوسراوێکی نیمچە فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، هەموو ئەو سەربازانی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە لە خزمەتی سەربازی لا دەدرێن، تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەت لێخۆشبوونیان بۆ دەردەچێت.

بە گوێرەی نووسراوەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕێکاری پزیشکی بەرانبەر سەربازانی ڕەگەزگۆراو دەگرێتە بەر تاوەکوو هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی ئەو سەربازانە بکەن؛ لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئەو سەربازانە بە تەواوی لە خزمەتی سەربازی لا دەدەرێن. 

دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ دەست بەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری دا هەموو ئەو سەربازانەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە لە سوپای ئەمەریکا دەربکرێن.  

بەگوێڕەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2014 پەیمانگای یاسای ویلیامز، 15 هەزار سەرباز ڕەگەزگۆراو لە سووپای ئەمەریکا تۆمار کراون، ناوەندی نەتەوەیی بۆ یەکسانیی ترانسجێندەرییش ئەو ژمارەی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەم ژمارەیە بە فەرمیی پشڕاست نەکراوەتەوە.