ئیدارەی ترەمپ، نزیکەی پێنج هەزار کارمەندی (USAID) دور خستەوە
هەزاران فەرمانبەری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسەکە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە یان خراونەتە مۆڵەتەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕێگەی ئیمەیلێکەوە ڕایگەیاند "چوار هەزار و 80 کەس لە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی مۆڵەتیان پێ دراوە بچنەوە ماڵەوە، هەروەها هەزار و 600 کەسی دیکەش لە کارەکانیان دوور خراوەنەتەوە."
بەمەش لە کۆی نزیکەی 17 هەزار کارمەندی (USAID),پێنج هەزار و 680 کەس لە کارەکانیان دورخراوەنەتەوە.
هاوکات، ئەوانەی دورخراوەنەتەوە، مۆڵەتیان پێ دراوە لە ماوەی 15 خولەک لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا کەلوپەلی تایبەتی خۆیان لە شوێنی کارەکانیان کۆ بکەنەوە؛ ئەگەر نا لە شوێنێکی دیکە کەلوپەلەکانیان وەردەگرنەوە.
بەشێک لەو کارمەندانەی کە دەرکراون، ڕایانگەیاندووە "لەکاتی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیان "لەلایەن ئاژانسەکەوە 'زۆر بەبێڕێزی' مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە شێوەیەک کە لە کاتی چوونەژوورەوەی دەزگاکە، پشکنیان بۆ کراوە و لەلایەن پاسەوانانی ئاژانسەکەوە ڕێنوێنی کراون بۆ ئۆفیسەکەیان تاکوو کەلوپەلەکانیان کۆ بکەنەوە.
لە چوارچێوەی کارەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و هاوکارییەکانی دەرەوە و کارمەندانی فیدراڵی، زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەبووە، بەشێوەک سەرەڕای دەرکردنی کارمەندانی، بڕیارە لە %90ـی گرێبەستە هاوکارییەکانی دەرەوەی ئەو ئاژانسە هەڵوەشێنێتەوە.