عێراق: پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، پێشوازیی لە پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان،ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوە، دەشڵێت: پەیامەکەی ئۆجەلان نەوەک هەر تەنها بۆ عێراق، بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە بۆ هاتنەدی سەقامگیری لە ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەنگاوەی ئۆجەلان تەنها بۆ عێراق گرنگ نییە، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە کە چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکەیان هەیە، هاوکات بۆ تەواوی ناوچەکە گرنگی خۆی هەیە، دەشڵێت: چارەسەرە سیاسییەکان و گفتوگۆکان، تاکە ڕێگە و باشترین ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئەوەش خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان دەکات و پەرە بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: پشتیوانی هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە، دەخوازین پەیامەکە بە کردار جێبەجێ بکرێت لەلایەن پەکەکەوە بە دانانی چەک.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، شاندی ئیمڕاڵی پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.