بەڤیدیۆ.. کوشتنی کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی بەدەستی پۆلیس لە ئەمەریکا هەرادەنێتەوە

K24 - هەولێر

چوار پۆلیس لە دەوری ئۆتۆمبێلێکی پارککراو لە شاری فینیکس، گەورەترین شاری ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا وەستاون و تەقە لە کەسێکی نێو ئۆتۆمبێلەکە دەکەن، ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرای ناوەتەوە و، خۆپیشاندان لەدژی پۆلیس دەستیپێکردووە.

رووداوەکە لە 4-7-2020 روویداوە. ڤیدیۆی ساتی گوللـەتەقاندنی پۆلیس، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و دەنگی خەڵکی لە دژی پۆلیس بەرزکردووەتەوە، بۆیە پۆلیسیان ناچار کرد روونکردنەوە بڵاوبکاتەوە.

پۆلیسی فینیکس لەڕێگەی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتووب بڵاوکراوەتەوە، ڤیدیۆی رووداوەکە، هۆکاری گوللـە تەقاندن و ئەو تۆمەتەی دراوبووە پاڵ ئەو کەسەی کوژرا، رووندەکاتەوە.

مێرسێدس فۆرچن، ئەفسەر لە بەشی پۆلیسی فینیکس لەنێو گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێ "لە پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ناڕاست لەبارەی ئەو راستیانە بڵاوکراونەتەوە، کە بوونەتە هۆی تەقەکردنەکە، ئامانجمان لەو ڤیدیۆیە ئاشکراکردنی راستییەکانە".

لە ڤیدیۆکەدا دەنگی پیاوێک دەبیسترێت کە پەیوەندی بە پۆلیسی فریاکەوتنی ئەمەریکا (911)ـەوە کردووە و، دەڵێ "هەفتەی پێشوو کەسێک بە چەقۆ لێیدام، چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە بووم، پۆلیس بەدوای ئەو پیاوەدا دەگەڕێن و ئەویش لێرە بوو و هەوڵیدا دووبارە هەمان شت بکاتەوە و دووبارە هەوڵی کوشتنم دەداتەوە".

پۆلیسەکان لەدوای وەرگرتنی ئەو زانیارییانە دەوری ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارێکیان داوە، 10 خولەک قسەیان لەگەڵ کردووە تاوەکو قایلی بکەن بێتە دەرەوە، بەڵام بەپێی پۆلیسی فینێکس "رازی نەبووە، جامی ئۆتۆمبێلەکەی داخستووە و دەمانچەی دەرهێناوە، پۆلیسەکان فەرمانیان پێکردووە چەکەکەی فڕێبدات، بەڵام رەتی کردووەتەوە و گوتوویەتی تەقەم لێبکەن و چەکەکەشی بەرامبەریان بەرزکردووەتەوە، بۆیە دوو لە پۆلیسەکان گوللـەیان تەقاندووە و کوژراوە".