تورکیا داوا دەکات ڕۆڵی لە نێوەندگیری ئۆکرانیا و ئەمەریکا هەبێت

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سبەی لە لووتکەی لەندەن داوا دەکات ڕۆڵی نێوەندگیر بگێرێت لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
شەممە 1ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سبەی سەردانی بەریتانیا دەکات و بەشداریی لووتکەی لەندەن دەکات.
ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیکی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، هاکان فیدان، لە لووتکەی لەندەن دەستپێشخەری تورکیا پێشکەش بە سەرکردەکانی ئەورووپا دەکات بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا.
هەروەها ئاماژەشی داوە، تورکیا جەخت لەوە دەکاتەو، لە دانوستاندەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، لە دوای سەردانەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژی دووشەمە 24ـی شوباتی 2025، بۆ ئەنقەرە، ئەمڕۆ وەزیرەکە بۆ جاری سێیەم بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە و باسیان لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆییە، پێشتر لە ساڵی 2022 مانگێک دوای دەستپێکردنی جەنگی ئوکرانیا و ڕووسیا، دەستپێشخەری کردبوو لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی و زامنکردنی ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی کاڵا و دانەوێڵە لە دەریایی ڕەش.
لە سەرەتایی دەستپێکردنی جەنگەوە، تورکیا پەوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵات پاراستووە، هەم پشتگیری سەربازی ئۆکرانیای کردووە، لە هەمان کاتدا نەچوویتە پاڵ هەوڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سزادانی ڕووسیا.
ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، هەر یەک لە شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ لە بارەی دووبارە کردنەوەی کونسڵخانە لە وڵاتەکانیان کۆبوونەوە.
دووشەممە 24ـی شوباتی 2025. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەردانی ئەنقەرەکەی کرد و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە، دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کرد.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە ئەنقەرە باسی لە چەند پرسی جیاواز و فراوانی کرد لەوانە، مەرجەکانی کۆتاییهێان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین، پرسی وزە و ئەتۆم لە تورکیا و کۆبوونەوەی شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا و لەگەڵ چەندین پرسی دیکەی.