دوای هەڕەشەکانی کۆریای باکوور، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکایی گەیشتە کۆریای باشوور
دوای زیاتر لە هەشت مانگ، جارێکی دیکە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکایی گەیشتە کۆریای باشوور، کۆریای باکووریش هۆی هاتنەکەیە.
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆریای باکوور ژمارەیەک مووشەکی جۆری 'کرۆز'ـی تاقی کردەوە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 02-03-2025، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکایی "یو ئێس ئێس کارل ڤینسۆن" کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، گەیشتە بەندەری بوسان، لە کۆریای باشوور.
هێزی دەریایی کۆریای باشوور لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، هاتنی ئەو کەشتییە ئەمەریکاییە، لە چوارچێوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور و بە مەبەستی، زیادکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازییە لەنێوان واشنتن و سیئۆل.
دوایین جار ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە هاتبێتە کۆریای باشوور، ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بوو. چاوەڕێ دەکرێت، هاتنی ئەم کەشتییە بەرپرسانی کۆریای باکوور و بە تایبەت سەرۆکەکەی نیگەران بکات.
لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە، دەیەوێت لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکوور قسە بکات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان باشتر بکەن، بەڵام پیونگیانگ بە شێوەیەکی فەرمیی وەڵامی واشنتنی نەداوەتەوە. هەروەها چەند جارێک کیم جۆنگ ئۆن، دۆناڵد ترەمپی بە "هەوڵدان بۆ زیاتر دژایەتیی کۆریای باکوور" تۆمەتبار کردووە.
هەفتەی ڕابردووش، کاتێک سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی ژمارەیەک مووشەکی کرۆزی کرد، داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکەن، بەڵام ئاشکرای نەکرد، چۆن، کەی و لە کوێ بەکاری دەهێنێت؟