کرێملن: بڕیارەکانی لووتکەی لەندەن دەبێتە هۆی بەردەوامی جەنگ

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتی بکرێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام بڕیارەکانی لووتکەی لەندەن دەبێتە هۆی بەردەوامی جەنگ.

دووشەممە 3ـی ئاداری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لە بارەی لووتکەی لەندەن بۆ پشتگیری ئۆکرانیا ڕایگەیاند، بڕیارەکانی ئەو لووتکەیە بۆ مەبەستی ئاشتی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەردەوامی جەنگ.

دیمیتری پیسکۆڤ ئاماژەشیدا، هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتی بکرێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین, بۆیە زۆر گرنگە لایەنێک فشار لە ڤۆلۆدیمر زێلێنسکی بکات بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشتی ڕازیبکرێت.

دوێنێ یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لووتکەی لەندەن، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکی هاوپەیمانی ناتۆ و چەند سەرکردەیەکی دیکەی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ کردەوە و جەختیان لە بەردەوامی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا کردەوە.

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای لووتکەکە ڕایگەیاند: هاوپەیمانیەتییەکیان  دروست کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئۆکرانیا بکەن لە هەر ڕێککەوتنێک کە بکرێت. 

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاشگەیاند، رێگە بە ئۆکرانیا دەدەن بە بڕی دوو ملیار دۆلار، پێنج هەزار مووشەکی دژە ئاسمانی بکڕن.