ئەمەریکا هەندێک لە سزاکانی سەر ڕووسیا کەم ده‌كاته‌وه‌

ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بڕیارە هەندێک لە سزاکانی سەر ڕووسیا کەم بکاتەوە.

دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی سپی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکای ئاگادار کردووتەوە، ڕەشنووسێک لەبارەی کەمکردنەوەی هەندێک لە سزاکانی سەر ڕووسیا ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە دیداری دهاتوویاندا گفتووگۆیان لە بارەوە بکەن و پەیوەندییەکانیان بەرەو باشتر ببەن.

ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، نووسینگەی سزاکانی ئەمەریکا، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی خشتەیەکن کە ناوی ئەو کەس و کۆمپانیا ڕووسیانەیان تێدایە کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بیخه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی نوێنه‌ران و شاندی ڕووسیا.

ڕۆیتەرز باسی لەوەش کردووە، ئاشکرا نییە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا، ئەمەریکا داوای چی دەکات.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ لە 26ـی شوباتی 2025، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، دەکرێت سزاکانی سەر ڕووسیا لە هەندێک کەرتدا سووک بکرێن.