کرێملن: دوای ئاساییکردنەوەی کاری کونسوڵخانەکان، لەگەڵ ئەمەریکا کۆ دەبینەوە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێشتا بڕیار لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا نەدراوە، بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیەش بکرێت دەبیت کونسوڵخانەکان بە تەواوی بکرێنەوە.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند "قۆناغی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ ناکات تاوەکوو کۆنسوڵخانەی هەردووک وڵات دەست بە کاری ئاسایی خۆیان نەکەنەوە."

هەروەها گوتیشی: هێشتا زووە بڕیار لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بدرێت.

هەفتەی ڕابردوو، ڕووسیا ڕایگەیاند "باڵیۆزێکی نوێ دەنێرنە واشنتن."

پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان سەبارەت بە کاری باڵیۆزخانەکانیان کۆ بوونەوە.

لە ساڵی 2022 دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەردوو وڵات کارەکانی کونسوڵخانەکانیان سنووردار کردووە.