ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێران داوای جێبەجێکردنی یاسای حیجاب دەکەن

یاسای حیجاب ئەو یاسایەی تا پەسەندکردنی کاردانەوەی ناوخۆیی ئێران و ناڕەزایی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لەلایەن حکوومەتەوە هەڵپەسێردرا، کەچی ئێستا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێران داوای هەرچی زووتر جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.

ئەمیر حوسێن بانکیپوور، نوێنەری شاری ئیسفەهان لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕایگەیاند، پێویستە یاسای حیجاب بە خێرایی جێبەجێ بکرێت؛ لەبەر هەڵپەساردن و جێبەجێ نەکردنی ئەم یاسایە، ڕەخنەی توندی لە حکوومەت گرت.

هەروەها ئەندامێکی دیکەی پەرلەمان کە داواکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای حیجاب وەک دروشم لە هۆڵی کۆبووەنەی پەرلەمان بەرزکردەوە، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پەرلەمانتاران کرد پشتیوانیی لە داواکارییەکەی بکەن.

یاسای حیجاب زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسند کراوە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران یاسای حیجابی بەر لە بڵاو بوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی، هەڵپەسارد، لە کاتێکدا بڕیاربوو بەر لە کۆتایی ساڵی 2024 یاساکە لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕەوانەی دامەزراوەکانی حکوومەت بکرێت.

 هەر ئەو کاتە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند دوای ئەوەی سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو یاساکە ئیمزا بکات و جێبەجێ بکرێت، بڕیاردانی لەسەر ئەم یاسایە بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی سپارد.