ئیسرائیل بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە، داوای دەرکردنی چەکدارەکان دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، داوای دەرکردنی چەکدارەکان لە غەززە دەکەین.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند "هیچ ئاگربەستێکمان لەگەڵ حەماس لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نییە."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەشی دا "بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە داوای دەرکردنی چەکدارەکان لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەکەین."

جەدعون ساعر، باسی لەوەش کرد "هاوکارییە مرۆییەکان بوونەتە، سەرچاوەیەکی سەرەکیی بۆ حەماس تاوەکوو تواناکانی خۆیان بگەڕێننەوە و گەنجی زیاتر بۆ ڕیکخراوەکەیان کۆ بکەنەوە."

گوتیشی: هەرکاتێک ئەوان بەو مەرجانەی ئاگربەستەکە  ڕازیبوون، ئێمەش دەستبەجێ پابەند دەبین.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە واری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەریدا دەکاتەوە.

هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێن، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.