کۆشکی سپی پشتگیری لە بڕیارەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی ناکات
کۆشکی سپی پشتگیری لە بڕیارەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی غەززە ناکات و ڕایگەیاندوە، پلانەکانی لووتکەکە لەگەڵ واقعی ئێستای غەززە ناگونجێت.
برایان هیوز گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیارەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بارەی غەززە لەگەڵ واقعی ئێستای ئەو ناوچەیە ناگونجێت، چونکە غەززە ئێستا ناوچەیەکە جێی نیشتەجێبوون نییە، خەڵکیش ناتوان لە ناو پاشماوی شەڕ و داروبەردی باڵەخانەکاندا بژین.
گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ پابەندە بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەبێ حەماس و لە دانوستانەکانیش بۆ هێنانەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە بەردەوام دەبین.
ڕۆژی سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، لووتکەی بە پەلەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، تایبەت بە دۆخی غەززە بەڕێوەچووە، هەرچەندە لووتکەکە بە داخراوی بەڕێوەچوو، بەڵام سەرۆک و سەرکردە بەشداربووەکانی وڵاتانی عەرەبی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززەیان ڕەتکردەوە.
لە لووتکەکەدا چەند پێشنیازێک خراونەتەڕوو لەوانە:
پلانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە نزیکەی 53 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، هەروەها سندوقێکیش لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دادەمەزرێندرێت، وەک میکانیزمێکی دارایی کە بەڵێنە داراییەکان ئاراستەی دەکرێت
میسری تیشک خستووەتە سەر چارەسەری دوو دەوڵەتی کە دەرگە بە ڕووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل دەکاتەوە.
میسر و ئوردن، ڕاهێنان بە ئەفسەرانی پۆلیسی فەڵەستینی دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرتی غەززە، کە ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە.
لە پلانەکەدا هاتووە، لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فەڵەستین پێک دەهێنرێت، جگە لەوەش ئەوانەی خانوویان ڕووخاوە و یان شوێنی نیشتەجێبوونیان نەماوە، خانووی کاتییان بۆ دابین دەکرێت.