سیناتۆرێک ئیلۆن مەسک بە سیخوڕیکردن بەسەر ئەمەریکیەکاندا تۆمەتبار دەکات

ئەلیسا سلۆتکین سیناتۆری دیموکراتەکان، ئیلۆن مەسک، بەرپرسی کارامەیی حکوومەتی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە سیخوڕیکردن بەسەر زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتیانی ئەمەریکا.

لە وەڵامی فەرمیی دیموکراتەکان بۆ وتاری دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرێس، ئەلیسا سلۆتکین گوتی: "ئایا کەسێک هەیە لە ئەمەریکا ئاسوودە بێت بەو بیرۆکەیەی کە ئیلۆن مەسک و ئەو گەنجانەی تەمەن 20 ساڵان و یاوەری دەکەن، سێرڤەرە تایبەتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ سیخوڕیکردن لەسەر فۆڕمی باجەکانتان و تۆمارە پزیشکییەکانتان و هەژمارە بانکییەکانتان؟".

شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وتارێکی 100 خولەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد و تیایدا بەڵێنیدا بوودجەیەکی هاوسەنگی فیدراڵی دابین بکات، ئاماژەی بەوەش کرد، بەنیازە کاربکات بۆ کەمکردنەوەی قەرزە گشتیەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی ڕاکێشانی "خەڵکی زیرەک."

پێشتر مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی کارامەیی حکوومەتی ئەمەریکا خەرجییە ناپێوسیتەکانی حکوومەتی ئەمەریکای ئاشکراکردووە کە بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس کراوە، هەروەها سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، خەرجییە فیدراڵیەکانی حکوومەتی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێک کە لە سەردەمی ئاشتیدا بێ وێنە بووە، هەروەها کورتهێنانی دارایی گەیشتووەتە 6.8-7%ـی بەرهەمی ناوخۆیی.