ژمارەیەک هاووڵاتی لە نێو کێڵگەیەکی مین ڕزگار دەکرێن

ژمارەیەک هاووڵاتیی بۆ گەشتکردن چوونەتە نێو بەفر، لە نەشارەزایی دەچنە نێو کێڵگەیەکی مین و لەلایەن ئەندامێکی دەزگای مینەوە ڕزگار دەکرێن.
چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، نەوزاد عەلی، بەرپرسی هۆبەی چالاکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای مینی سلێمانی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوێنێ سێشەممە، ژمارەیەک هاووڵاتی بە مەبەستی گەشتکردن بۆ نێو بەفر، چوونەتە ناوچەیەک لەسەر ڕێگای، پێنجوین_ سلێمانی، بەڵام ئاگادار نەبوون لەوەی شوێنەکە کێڵگەی مینە، لەو کاتەدا یەکێک لە ئەندامانی تیمەکانمان ئەو گەشتیارانە دەبینێت و دەم و دەست ڕێبەرییان دەکات تاوەکو بەسەلامەتی لەو شوێنە دەردەچن.
نەوزاد عەلی، گوتیشی: لەو سنوورە ئاماژەی هەبوونی مین، لەلایەن هاووڵاتییانەوە شکێندراون و کێلگەی مینی شێخەکوژراو، یەکێکە لە گەورەترین کێلگە مینەکانی ئەو سنوورە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نەوزاد عەلی، لەساڵی 2014لەو سنوورە، تیمەکانیان خەریکی پاککردنەوەی کێڵگەمینەکان، بەڵام بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری مین، لە سنووری شارۆچکەی پێنجوین، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بەتەواوی پاک بکرێتەوە.
شارۆچکەی پێنجوین، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە فروانترین ڕووبەر دادەنرێت لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری مین.