ترەمپ نامەیەک بۆ خامنەیی دەنێرێت

سەرۆکی ئەمەریکا، نامەیەکی بۆ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و داوای دانوستاندنی لە بارەی پرسی ئەتۆمی لێ کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، لە ڕێککەوتن زیاتر هیچ بژاردەیەک لە بەردەم ئێراندا نییە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕایگەیاند، لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا هیوام خواست کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، چەکێکی تری ئەتۆمی دروست ببێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، ئێران بۆ چارەسەری ئەو پرسە دوو ڕێگەی لە بەردەستە، ئەوانیش یان لە ڕێگەی سەربازییەوە دەبێت، یانیش بەشێوەی ڕێککەوتن. گوتیشی: من ڕێگای ڕێککەوتنەکەم پێ باشترە، چونکە نامەوێت ئازاری ئێران بدەم.

تا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەڵامی نامەکەی ترەمپیان نەداوەتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، دەیەویت لە ڕێگەی دانوستاندنەوە پرسی ئەتۆمی ئێران چارە بکات.

هەروەها ڕووسیاش ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا بکات.