ترەمپ هەڕەشە لە ڕووسیا دەکات
دۆنالد ترەمپ، بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، هەڕەشەی سەپاندنی سزا و باجی زیاتر بەسەر مۆسکۆ دەکات.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ترەس سۆشیەڵ' نووسیویەتی: بەجددی بیر لەوە دەکەمەوە سزای بانکی و باجی زیاتری گومرگی بەسەر ڕووسیا بسەپێنم، بەهۆی ئەوەی بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.
ترەمپ ئاماژەشیداوە، هەر سزایەک بەسەر مۆسکۆ بسەپێنێت، تاوەکوو گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەست لە ئۆکرانیا بەردەوام دەبن.
هەروەها ڕووسیا و ئۆکرانیای ئاگادارکردووەتەوە، بە زووترین کات و بەر لەوەی درەنگ بکەوێت، پێویستە ئامادەی دانوستانی ئاگربەست و کۆتایی هێنان جەنگ بن.
هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشە فراوانە درۆنییەکانی ئەمڕۆی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر هەر یەک لە ڕووسیا و ئەمەریکا گفتوگۆیان لە بارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان و ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا کردووە.