سووریا پێشوازیی له‌ گەڕانەوەی بۆ ئەندامیەتی ڕێکخراوی ھارکاریی ئیسلامیی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیندراوێکدا پێشوازیی لە بڕیارەکەی ڕێکخراویی ھارکاریی ئیسلامیی لەبارەی گەڕانەوەی سووریا بۆ ئەندامیەتی ڕێکخراوەكه‌ دەکات.

شەممە 8ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بارەی گەڕانەوەی بۆ ئەندامیەتی ڕێکخراوی ھارکاریی ئیسلامیی ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووه‌، بڕیارەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سووریا بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وەک دەوڵەتێکی ئازاد و دادپەروەر.

هەروەها دووپاتیشی کردووتەوە، سووریا پابەندی بنەماکانی ڕێکخراوی ھارکاریی ئیسلامیی بۆ هەماهەنگی و دادپەروەری و پاراستنی شکۆمه‌ندی دەبێت.

ڕاگەیندراوەکە ئاماژەش یداوە، بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان کە هاوکاری و ئاشتی و دادپەروەرییە سووریا بونیات دەنێینەوە و بەهێزتری دەکەن. هەروەها کار لەسەر گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتییانی سووری دەکەین.

ڕۆژی هەینی 7ـی ئاداری 2025، ڕێکخراوەی ھارکاریی ئیسلامی بڕیاری دا، سووریا بگەڕێتەوە نێو ئەندامیەتی ڕێکخراوەکە، ئەمەش دوای 13 ساڵ لە ڕاگرتنی دێت.

بە گوێرەی سەرچاوەکان، تورکیا دەستپێشخەری گەڕانەوەی سووریای بۆ نێو ڕێكخراوه‌كه‌ کردووە.