ئیسرائیل: نابێت شەرعییەت بدرێتە دەسەڵاتی نوێی سووریا

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێویستە ئەورووپا بە ئاگا بێتەوە و نابێت شەرعییەت بدرێتە دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا. دەشڵێت: دەبێت ئەورووپا لە ڕاستییەکان تێبگات کە ئەحمەد شەرع هەر ئەو کەسەیە کە بیروڕای جیهادیی هەیە.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، داوا لە ئەورووپا دەکات، شەرعییەت نەدەن بە دەسەڵاتی ڕاگوزەریی سووریا، ئەمەش دوای ئەو کۆمەڵکوژەیەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویانداوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی: پێویستە ئەورووپا بە ئاگا بێتەوە، لە دوای ئەو کردەوانەی کە ئەو چەند ڕۆژە ڕوویانداوە، دەشبێت لە ڕاستییەکان تێبگات و نابێت شەرعییەت بدرێتە دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا.

هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات شۆکی نەکردووین، چونکە ئەوە پێشینەی تیرۆرستی خۆیان پێشان دەدەن. 

جەدعوون ساعر باسی لەوە شکرد، لەم دواییانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەورووپا زۆر پەلەیان کرد لە دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ دیمەشق. 

ئاماژەشی دا: ڕاستە ئەحمەد شەرع ئێستا جلوبەرگی فەرمی پرۆتۆکۆلی لەبەرکردووە، بەڵام لە ڕاستیدا هەر ئەو کەسەیە کە بیروڕای جیهادیی هەیە، لەم هەفتەیەدا سەربازەکانی ئەحمەد شەرع ماسکەکەیان داناو بە بێ بەزەییانە هاووڵاتیانی کۆمەڵکووژ کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی ڕابردوودا، یەکێتیی ئەورووپا بۆ هاوکاریکردن بۆ بنیادنانەوی سووریا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە لە کەرتی وزە و گواستنەوە و بانکی سوک کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا هەزار کەسی تێپەڕاند.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.