شاندێکی ئیسرائیل بەرەو قەتەر بەڕێکەوت

شاندێکی باڵای ئیسرائیل لە بارەی ئاگربەستی غەززە بەرەو قەتەر بەڕێکەوت، ئەمەش دوای بچرانی کارەبا و ڕێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییه‌ مرۆییەکان بۆ کەرته‌ دێت.

دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ڕایگەیاند، شاندێکی باڵای ئیسرائیل بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بەرەو قەتەر بەڕێکەوتن.

ئەمه‌ لە کاتێکدایە، حەماس داوا دەکات قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەست پێ بکات، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەم درێژ بکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە حەماس لە ڕاگەیندراوێکدا ئیسرائیلی بە پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە  تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕەتی کردووتەوە قۆناغی دووەم دەست پێ بکات، ئەمەش نیازی خۆدزینەوە لە ڕێککەوتنامەکە پیشان دەدات.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە لە 1ـی ئاداری 2025 وەستاوە، تاوەکوو ئێستاش هیچ هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنەوەی نەنراوە.

ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوا ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە غەززە.

چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە بۆ کەرتی غەززە دەنێردرێن، حەماس دەستی بەسەردا دەگرێت و بۆ دروستکردنی پێویستی جەنگ بەکاری دەهێنێت.