یەکێتیی ئەورووپا گومرگی زیاتر بەسەر ئەمەریکا دەسەپێنێت

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، لە مانگی داهاتوودا گومرگی سەر کەلوپەلی هاوردەی ئەمەریکا زیاتر دەکەن،لەگەڵ ئەمەشدا ئامادەن گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.

چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا هاتوو، لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، بۆ زیادکردنی گومرگی سەر ئاسن و ئەلەمنیۆم بە ڕێژەی 25%، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری داوە لە مانگی داهاتووەوە، بە بەهای 26 ملیار یۆرۆ پێناسی گومرگی سەر کەلەوپەلی هاوردەی ئەمەریکا زیاد بکەن. 

ڤۆن دێر لاین ڕاشیگەیاندووە، ئامادەن بەشداری گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش مارۆس سێفکۆڤیچ، کۆمیساری بازرگانی ڕێکخراوەکەی ڕاسپاردووە بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری باشتر لەگەڵ ئەمەریکا دەست بە گفتوگۆ بکات. 

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەشیداو، ئەو باجانە ئیستا بەسەر کەلوپەلەکانی ئەمەریکا سەپێنراوەن لە 1ـی نیسانی 2025 هەڵدەگیرێن، لە بەرانبەردا پێناسی گومرگی نوێ دەسەپێنرێت.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین ئەوەشی خستووتە ڕوو کە سەپاندنی پیناسی گومرگی بە دوو قۆناغ دەبێت، ئەوانیش: لە 1ـی نیسان لە کاتی هەڵگرتنی پێناسی باجی پێشوو تر، قۆناغی یەکەمی پێناسی گومرگی نوێ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی دووەمی لە 13ـی نیسان جێبەجێ دەکرێت کە هەموو پاکێجەکە دەگرێتەوە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە بە ڕێژەی %25 پێناسی گومرگی زیاتر بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی یەکێتیی ئەورووپا دەسەپێنێت.