چین، ڕووسیا و ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی کۆ دەبنەوە

بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە چین میوانداری کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بکات.

گۆوا جاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاندووە، لە 14ـی ئاداری 2025، بەیژینگ کۆبوونەوەکە دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکەن.

لای خۆشیەوە ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کۆبوونەوەکەیان لەسەر گەشەپێدانی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران  دەبێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی چین، ما ژاوکسو، جێگری وەزیری دەرەوەی چین سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات و ڕیابکۆڤ سێرگی ئەلێکسیڤیچ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و کازم غەریبابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەی گفتوگۆیەکان دەبن.

لە ساڵی 2018، بە بڕیارێکی تاک لایانەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەریکا لە ڕێککەوتنامەکە کشایەوە، بەبیانووی ئەوەی ئێران بە ڕێککەوتنامەکە پابەند نەبووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بارەی زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، کۆبوونەوەیەکی داخراو بکەن.