گەورەترین مۆندیال بە بەشداری 189 هەڵبژاردە دەستی پێکرد

950 یاری لە پاڵەوانێتیەکەدا دەکرێن

فیفا
فیفا

پاڵەوانێتیەکی نوێ و فەرمی لەلایەن '' فیفا '' رێکخراوە بە ناوی '' مۆندیال و فێستیڤاڵی خوار تەمەنی 15 ساڵان '' ئەمڕۆ 24ـی ئۆکتۆبەری 2026 لە شاری باکوی ئازەربایجان بە بەشداری 189 هەڵبژاردەی جیاواز دەستی پێکرد و لە ماوەی 7 رۆژیش پاڵەوانێتیەکە کۆتایی دێت.

بە مەبەستی رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ یاریزان لاوەکان و بەشداری کردنی پێشوەختەیان لە پاڵەوانێتیە فەرمیەکان، فیفا بۆ جاری یەکەم پاڵەوانێتیەکی نوێی رێکخستووە کە لە کۆی 211 فێدراسیۆنی جیهانی 189 فێدراسیۆن واتە هەڵبژاردە بەشداریان کردووە و نزیکەی 950 یاری دەکرێن و لە ماوەی یەک هەفتەش پاڵەوانێتیەکە کۆتایی دێت و نزیکەی 3000 یاریزانی خوار تەمەنی 15 ساڵی بەشداریان کردووە. هەروەها لە کۆی سەرجەم هەڵبژاردە بەشداربووەکان 78 هەڵبژاردە یەکەمجارە بەشداری پاڵەوانێتیەکەی فەرمی فیفا دەکەن.

شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیەکەش رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە کە دەکاتە ئەمڕۆ 24ـی ئۆکتۆبەری 2026 لەو رۆژەدا 93 یاری دەکرێن، هەروەها لە رۆژانی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەمی پاڵەوانێتیەکە 186 یاری دەکرێن و لە رۆژی کۆتایی پاڵەوانێتیەکەش 93 یاری دەکرێن.

پاڵەوانێتیەکە لە یاریگای بچووکی 8 یاریزانی دەکرێت و یارییەکان 40 خولەکن، واتە بۆ هەر تایمێک 40 خولەک دەبێت، هەروەها رۆژانە یارییەکان لە 20 یاریگای جیاواز دەکرێن، لە کاتژمێر 09:00 بەیانی تاوەکو 20:45 خولەکی شەو بەردەوام دەبن.

سەرجەم 189 هەڵبژاردە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتیەکە دابەشی سەر 32 کۆمەڵە کراون و هەر کۆمەڵەیەکیش پێک دێت لە 6 هەڵبژاردە، هەڵبژاردەی خوار تەمەنی 15 ساڵی عێراقیش یەکێکە لە بەشداربووەکان و لە کۆمەڵەی S رکابەری دەکات و لە یەکەم یاریش توانیان، بە ئەنجامی 5-0 لە هەڵبژاردەی دورگەی کەیمان بباتەوە.