ڕووسیا بۆ ئاگربەست و دانووستان لەگەڵ ئۆکرانیا، دڵنیایی لە ئەمەریکا دەوێت
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، چاوەڕێی زانیارییەکانی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا، هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش دەڵێت: بەشداریی دانوستاندنێک ناکەن، ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست بکات.
چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکەن ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا ڕوونکردنەوەی زیاتر بخاتەڕوو.
ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕێ دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریکا زانیاری زیاتر و وردتر لەبارەی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا پێشکەشی ڕووسیا بکات.
پیسکۆڤ گوتیشی: مۆسکۆ ئامادەیە بۆ گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین.
هاوکات، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ بەشداری هیچ دانوستاندنێک ناکات، کە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی بنەبڕ نەکرێت.
هەروەها گوتێشی: هەڵوێستی ڕووسیا لەبارەی ناردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ سنوورەکانی ئۆکرانیا نەگۆڕە و هەرگیز قبووڵی ناکەین.
سێرگی لاڤرۆڤ داواشی کرد، ئاگربەستێکی هەمیشەی لە ئۆکرانیا ڕابگەینن، بۆ ئەوەی پێویست بە ناردنی هێزەکانی ئاشتی پارێز نەکات.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لەسەر پرسی وەستانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە جەددەی سعوودیە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئۆکرانیا ڕازی بووە بە پێشنیازی وەستاندنی دەستبەجێی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ.