کارگەی قوتووبەندی هەریر دەکرێتەوە و رۆژانە 24 هەزار قوتوو ئاوەتەماتە بەرهەمدێنێت

زیاتر لە 200 هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت

 

 

 K24 – هەریر

تەنیا چەند کارێکی تەکنیکی ماوە بۆ ئەوەی کارگەی قوتووبەندی هەریر بەگەڕبخرێتەوە، لەمەودواش رۆژانە 24 هەزار قوتوو ئاوەتەماتە بەرهەمدەێنێت.

کارگەی قوتووبەندی هەریر لە ساڵی 2002ـوەوە لەکارکەوتووە، بەڵام چەند ساڵێک بوو بەشێوەی پچڕ پچڕ کاریدەکرد، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 لەماوەی 10 بۆ 20 رۆژی داهاتوو، کارگەکە دەست بە کار دەکاتەوە.

یەکێک لەو کێشانەی ئێستا رووبەڕووی جووتیارانە، ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانە بەتایبەتی بەرهەمی تەماتە، بەڵام بەگەڕخستنەوەی کارگەکە بەشێکی کێشەکەی جووتیارانی ناوچەکە چارەسەردەکات، یەکەم قۆناغی وەرگرتنی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانیش دوێنێ بووە.

کاروان کەریمخان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر دەڵێ "بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکومەت و لەسەر راسپاردەی پارێزگاری هەولێر بڕیاردراوە بەشێکی بەرهەمی تەماتەی جووتیاران وەکو پاڵپشتییەک لێیان، وەربگیرێت".

کارگەکە، یەکێکە لە کارگە گەورەکانی عێراق و گەورەترین کارگەی لەقوتوونانە لە هەرێمی کوردستان، جگە لە بەرهەمهێنانی ئاوەتەماتە، دەتوانێت دۆشاوی میوەکان و کحوولی پیشەسازیش بەرهەمبهێنبێت.

کاروان کەریمخان باس لەوە دەکات "ئێستا خەریکی کارکردنین بۆ چاککردنەوەی بەشە جیاجیاکانی کارگەکە و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ جووتیاران بکەین".

کارگەی قوتووبەندی هەریر رۆژانە دەتوانێت 24 هەزار قوتوو ئاوەتەماتە بەرهەمبهێنێت. رۆژانە 100 تۆن تەماتەی جووتیاران وەربگرێت و زیاتر لە 200 هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment