گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن بەڕێوە دەچێت

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و کۆمەڵگەی گشتیی کوردی لە ئەڵمانیا، بە ناونیشانی (شان بەشان و دڵ بە دڵ بۆ یەکبوون لە ڕۆژئاوای کوردستان) گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەبەن.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕایگەیاندووە "ڕۆژی 22ـی ئاداری 2025، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز بە هاوبەشیی کۆمەڵگەی گشتیی لە ئەڵمانیا بە بەشداریی هونەرمەندانی ناوداری کوردستان(شڤان پەروەر، ئەلەند حازم، شەریف عومەری، هانی موجتەهیدی، ئەیوب عەلی، نازدار، خەبات دهۆکی، ئازاد فەقێ، هەژال ئیلانی، ئەمین نادر) بەڕێوە دەبات.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕایگەیاندووە: هاتن بۆ ئاهەنگە بۆ تەواوی کوردانی تاراوگە بەخۆڕاییە و تیکت نافرۆشرێت.
هەر بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمیتەی کوردستانی گورجستان، ئاهەنگێکی گەورە لە تبلیسی پایتەختی گورجستان بە بەشداریی هونەرمەندان(سەڤدین خەڵات، شیرین وڵات، حەمید، میکایل گولو، خێرۆ عەباس) ڕۆژی 7ـی نیسان بەڕێوەدەبەن.
