ئەمشەو دیاردەی مانگگیران ڕوودەدات

 شارەزایەکی فەلەکناسیی ڕایگەیاند: ئەمشەو دیاردەی مانگگیران ڕوودەدات و ساڵانە سێ جار ئەم دیاردە دووبارە دەبێتەوە.

پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، د.عومەر ڕواندزی. مامۆستای زانکۆ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دیاردەی مانگ گیران، ساڵانە سێ جار ڕوودەدات، بەڵام لە هەموو شوێنێکی زەویدا نابینرێت، جیاواز لە خۆرگیران، مانگگیران بە بێ بەکارهێنانی چاویلکە دەتوانرێت سەیر بکرێت و هیچ زیانێکی بۆ چاو نییە.

عومەر ڕواندزی، گوتیشی: گەر کاتی مانگگیران لە کوردستان لە دەرنگانی شەودا ڕووبدات، ئەوا دیاردەکە بە ڕوونی دەبینرێت.

عومەر ڕواندزی، زانیاری زیاتری خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستانیشدا، بە پێی کاتی ڕووداوەکە، دەتوانرێت بینرێت، بۆ نموونە: لە ساڵی 2022 مانگگیرانی تەواو لە 16ـی ئایار و 8ـی تشرینی دووەم ڕوویدا و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بینرا.