ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر لە 25 ڕۆژ دەستپێدەکەن

ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان پێکردووە و بەردەوامن، لە گوندی دریازی سەر بە شاری مهاباد، هەزاران هاووڵاتی کۆبوونەوە و بە هەڵپەڕکێ و مۆسیقای کوردی و داگیرساندنی ئاگر، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی دەربڕی.
ئاهەنگەکانی پێشوازیی لە نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 25 رۆژ بەر لە نەورۆز دەست پێ دەکەن و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بەڕێوە دەچن.
کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ پێشوازی لە نەرۆز ئەمجارەیان لە گوندی دێرینی دریاز کە لە 10 کیلۆمەتر لە شاری مهاباد و دەشتی شاروێران هەڵکەوتووە، سروود و گۆرانیی کوردی و هەڵپەڕکێ بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشێکی سەرەکیی ئەم ڕێوڕەسمانەن.
لە پاش ڕێوڕەسمەکەی گوندی گوێک تەپەی مهاباد، ئەمە دووەم ڕێوڕەسمی پێشوازی لە نەورۆزە کە لەم ناوچەیە بەڕێوە دەچێت.
میکاییل غەزالی دانیشتووی مهاباد دەڵێت: ئەمساڵ بەبۆنەی هاتنی ساڵی 2725ـی کوردییەوە لە گوندی دریاز، جەژنی نەورۆز بە جل و بەرگی کوردی و گۆرانی و میوزیکی کوردی بە بەشداریی نزیکەی 10 هاووڵاتیی کوردستانی دەکەینەوە .
محەممەد وازی دانیشتووی گوندی سەرچنار گوتی: هاتوومەتە دریاز بۆ ئاهەنگی نەورۆز چونکە لەو ئاواییە ئاهەنگەکانی نەورۆز زۆر تایبەتن، ژن و پیاو و گەنج و منداڵ بە جل و بەرگی کوردییەوە بەشداریی تێدا دەکەن.
ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچن، رێوڕەسمەکەی دریازیش لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەنجومەنە ئەدەبی و ژینگەپارێزییەکانی مهابادەوە ڕێک خرابوو، چەند هونەرمەندێکی میللیی ناوچەی موکریانیش خۆبەخشانە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و بە گۆرانییەکانیان، کۆڕی بەزم و هەڵپەڕکیی هاووڵاتیانیان ڕازاندەوە.
سەلاح خزری هونەرمەند دەڵێت: کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی وەک گرووپی شاخەوانی و هەڵپەڕکێ و ئەنجوومەنە ئەدەبییەکانی ساری مهاباد، لەگەڵ چەند وەرزشوانێک و چالاکوانانی فەرهەنگی و ژینگەپارێزی، بەیەکەوە بە هاوبەشی بڕیارماندا نەورۆزێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بەڕێوەببەینز
ئەم ڕێوڕەسمانە لە ڕۆژی پێنجی رەشممەوە لە ناوچەی هەورامان دەست پێ دەکەن و تا شەوی نەورۆز بەردەوام دەبن، لە ماوەی ئەم 25 ڕۆژەدا هەر ڕۆژە لە چەند شار و ناوچەیەکی کوردستان ئەم کەرنەڤاڵە جەماوەرییە بەرێوە دەچێت و خاڵی هاوبەشی هەمووشیان جلوبەرگ و مۆسیقای کوردی جەخت کردنەوە لەسەر شوناسی کوردی و کوردستانیبوونە.