چین و ڕووسیا پشتگیری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکەن

چین و ڕووسیا و ئێران ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە تێیدا پشتگیری خۆیان لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران دووپاتکردووتەوە و داواش دەکەن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و هەڵگرتنی سزاکان دیالۆگ بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 14ـی ئاداری 2025 ، دوای کۆبوونەوەی هەرسێ وڵات لە بەیژینگ، ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ڕووسیا و چین پشتگیری لە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەکەن و جەخت دەکەنەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی بەکاردەهێنێت و دەبێت بە تەواوی ڕێز لەو هەوڵە بگرێت.

هەرەوەها لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ترەمپ پشتگیریان لە تاران کردووە و ڕایانگەیاند، دیالۆگ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەو کات دەست پێ دەکات کە ڕێز لە بەرژەوەندی هاوبەش بگیرێت و سزاکان لابدرێن.

ما ژاوخسۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی چین دوای کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، چین، ڕووسیا، و ئێران جەختیان کردووتەوە، دەبێت هەموو لایەکی پەیوەندیدار پابەندبێت بە چارەسەرکردنێکی ڕیشەی ئەو پرسە و بیر لە سەپاندنی سزا و هەڕەشەی سەربازی نەکەنەوە.

هەروەها داوای هەڵگرتنی هەموو سزایە تاکلایەنەکان دەکەن.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین  سەرکۆنەکی کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتوە یەکگرتووەکان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات و ڕایگەیاندووە، ئەم جۆرە بڕیارە بەپەلانە متامنە لە نیوانمان دروست ناکات.

ما ژاوکسو، جێگری وەزیری دەرەوەی چین سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە کرد و ڕیابکۆڤ سێرگی ئەلێکسیڤیچ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەی گفتوگۆیەکان بوون.

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، ڕۆژی چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025،ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بارەی زیادکردنی ئاستی یۆرانیۆمی لەلایەن ئێرانەوە کۆبوونەوەیەکی داخراویان کرد.

لە ساڵی 2015 تاران لەسەر سنووردارکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەگەڵ هەریەک لە بەریتانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و چین ڕێککەوتن.

لە ساڵی 2018، بە بڕیارێکی تاکلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەریکا لە ڕێککەوتنامەکە کشایەوە، بەبیانووی ئەوەی ئێران پابەندی ڕێککەوتنامەکە نەبووە.