سێنتکۆم: ئوم حوسێن ئەندامێکی کارای داعش بووە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، دەستگیرکردنی هاوسەری ئەبو خەدیجە، جێگری خەلیفەی داعشی ڕایگەیاند.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە هاوکاری هەواڵگری و ئاسایشی عێراق 'ئوم حوسێن'، هاوسەری ئەبو خەدیجە، جێگری خەلیفەی داعش دەستگیر کرا.
لە ڕاگەیندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئوم حوسێن ئەندامێکی کارای داعش بووە، هاوکات دوو ئەندامی دیکەش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیر کراون.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا هانی هێزەکانی عێراق دەدات لە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی داعش و دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی لە ناوچەکەدا.
راشیگەیاندووە، سێنتکۆم بە هاوکاری هاوبەشەکانی و هاوپەیمانەکانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی داعش.
U.S. Central Command commends Iraqi Intelligence and Security forces on the successful operation leading to the capture and arrest of Chechen ISIS terrorist Umm Hussein, the wife of ISIS leader Abu Khadija, who was killed in a strike on March 13. Umm Hussein has been an active… pic.twitter.com/dW91o1k7CP
— U.S. Central Command (@CENTCOM) March 15, 2025
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نوسیوویەتی: بەهاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، توانیمان گەورەترین ئەمیری هەڵاتووی داعش لە عێراق و سووریا لەناو بەرین.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆ) بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساتی کوشتنی ئەمیرەکەی داعش، ئاماژەی داوە، هێزەکانی سێنتکۆم بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە هەواڵگری و ئەمنییەکانی عێراق، لە هێرشێکی وردی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار توانرا کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەمیری لیژنەی نوێنەرایەتی، عەبدوڵلا مەکی موسلح ئەلڕوفاعی، ناسراو بە "ئەبو خەدیجە" لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی داعش بکوژن.
سێنتکۆم، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەبو خەدیجە، ئەمیری بەرزترین دەستەی بڕیاردان بووە لە ڕێکخراوی داعش، هەروەها بەرپرس بووە لە کردە چەکدارییەکان و پلاندانانی ڕێکخراوەکە لە ئاستی نێودەوڵەتی، هاوکات لەسەرتاسەری جیهان سەرپەرشتی پارەدارکردنی کردەوەکانی داعشی کردووە.