ترەمپ چالاکییەکانی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ میدیای جیهانیی سنووردار دەکات

دۆناڵد ترەمپ، بریاری داوە چالاکییەکانی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ میدیای جیهانی (USAGM)، کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا، ڕادیۆی ئەورووپای ئازاد، ڕادیۆی ئازادیی دەکات، سنووردار بکات.

شەممە 15ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا سێ فەرمانی ئیمزا کردووە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییەکانی حەوت دەزگای فیدراڵییە، لەوانە: ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی، کە سەرپەرشتیی دەنگی ئەمەریکا و چەند میدیایه‌کی فیدراڵی ئەمەریکا دەکات.

بە گوێرەی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا "سەرۆکی هەر دەزگایەکی حکوومی کە لەو لیستەدا ناوی هاتووە، دەبێت لە ڕیککەوتی دەرکردنی ئەم بڕیارە تاوەکوو حەوت ڕۆژ، ڕاپۆرتی پابەندبوون پێشکەش بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە بکات.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئاژانسی ئەمەریکی بۆ میدیای جیهانی (USAGM) سەرپەرشتیی دەنگی ئەمەریکا، ڕادیۆی ئەورووپای ئازاد، ڕادیۆ ئازادیی دەکات و ئەمڕۆ بودجەی هەموویانی بڕی، کە ئەو ئاژانسانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا  پەخش دەکەن، لەوانە ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها ڕادیۆی ئازادیی لە چین و کۆریای باکوور پەخش دەکات.

هەروەها بەهۆی سنووردارکردنی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ میدیای جیهانی، بەشێکی زۆر لە کارمەندانی ئەو ئاژانسە داوایان لێ دەکرێت کارەکانیان بەجێ بهێڵێن.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانیی دەزگایەکی سەربەخۆی حکوومەتی ئەمەریکایە و سەرپەرشتیی پەخشی هەواڵ و زانیاریی دەکات کە زیاتر بە 50 زمان، لەوانە کوردی، فارسی، تورکی و زمانەکانی دیکە پەخش دەکرێت و بڵاوکراوەی هەیە.

ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی دۆناڵد ترەمپە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت.