عراقچی بۆ ترەمپ: ناتوانیت سیاسەتی خۆت بەسەر ئێمەدا بسەپێنیت
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ ڕایگەیاندووە، حکوومەتی ئەمەریکا دەسەڵاتی نییە سیاسەتی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنیت، ئەو سیاسەتە لە ساڵی 1979 کۆتایی هاتووە.
یەکشەممە، 16ی ئاداری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە کە گوتبووی، دەبێت ئێران دەستبەجێ پشتگیرییەکانی بۆ حووسییەکانی یەمەن ڕابگرێت؛ عراقچی ڕایگەیاندووە "واشنتن ناتوانێت ڕێکارە سیاسییەکانی دەرەوەی خۆی بەسەر ئێمە بسەپێنێت."
هەروەها ئاماژەشی داوە، سەردەمی سەپاندنی ڕێوشوێنی سیاسەتی بەسەر ئێران لە ساڵی 1979 کۆتایی هات، ئەو کاتەی کە شۆڕشی ئیسلامی کۆتایی بە دەسەڵاتی شا هێنا.
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئەمەریکا ئێستا ڕەخنە لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن دەگرێت و گوتی: ساڵی ڕابردوو ئیدارەی بایدن بە بەهای 23 ملیار دۆلار هاوکاری ڕژێمی ئیسرائیلی کردووە کە نزیکەی 60 هەزار هاووڵاتی فەلەستینی کوشتووە، ئەمەش ئەمەریکا بە تەواوی لێی بەرپرسیارە.
عەباس عراقچی، پەیامێک بۆ واشنتن دەنێرێت و ڕایگەیاندووە، ئێوەش پشتگیرییەکانتان بۆ ئیسرائیلی تیرۆرست ڕابگرن، دەست لە کوشتنی خەڵکی یەمەن هەڵگرن.
دوێنی شەممە، 15ی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) هۆشداری دایە ئێران "دەبێت دەستبەجێ هاوکارییەکانتان بۆ حووسییەکان بووەستێنن، مەبنە هەڕەشە بۆ هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان. وریا بن ئەگەر وا بکەن ئەوە ئەمەریکا بە تەواوی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و لەو بارەیەوە نەرمی نانوێنین."
ئەمەش دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، 'سێنتکۆم' دوێنێ شەو زنجیرەیەک هەڵمەتی دەست پێ کردووە کە پێک هاتووە لە هێرشی ورد بۆ سەر حووسیەکانی یەمەن، ئەوەش لە پێناو بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و گەڕاندنەوەی ئازادی بۆ کەشتیوانان.
ئەنیس ئەسبەحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان ڕایگەیاند: ژمارەی قوربانیانی هێرشەکە گەیشتووەتە 31 کەس و 101 دیکەش بریندارن کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنین و ژن و منداڵن و ژمارەکەش لە زیاد بووندایە.
هەروەها ئاماژەشیان داوە، ئەو هێرشانە بێوەڵام نابن.