واشنتن: حەماس بەرپرسیارە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە غەززە

واشنتن بزوتنەوەی حەماس بە بەرپرسیار دەزانێت لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە غەززە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بارمتەکان دەکات.
کاربەدەستانی ئەمەریکا بزووتنەوەی حەماس بە هۆکاری نوێبوونەوەی شەڕی کەرتی غەززە دەزانن و دەڵێن: حەماس، دەرفەتی ئەوەی هەبووە بارمتەکان ئازاد بکات و ئاگربەست درێژ بکاتەوە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ شەڕ هەڵبژاردووە.
برایان هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا ڕایگەیاند "حەماس دەیتوانی بڕیارێکی جیاواز بدات، بەڵام لە بری ئاشتی، شەڕی هەڵبژارد."
هەر لەو چوارچێوەیەدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا،هۆشداری دا لەوەی بەردەوامیی ڕاگرتنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە باجێکی قورسی لێ دەکەوێتەوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتە زیندووەکانیشی کرد.
پێشتر گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو "هێزەکانی IDF و شاباک، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دەست پێ دەکەن."
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زیاتر لە 300 فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
حەماس، ناتانیاهۆی بە پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و هەموو بەڵێنەکانی تۆمەتبار کرد و داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات خۆپیشاندان دژی کردەوەکانی ئیسرائیل بکەن.