زیاتر لە چوار هەزار کەس لە ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری لە ئێران بوونەتە قوربانی
بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و بازدان بەسەر ئاگر لە ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری، لە ئێران 16 کەس گیانیان سپاردووە و نزیکەی چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.
میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "بەردەوامبوونی چیرۆکی تاڵی چوارشەممەسووری" بڵاوکردووەتەوە و لە زاری جەعفەر میعادیفەر، سەرۆکی کۆمەڵەی فریاگوزاری ئێران بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئامارەکان، تاوەکوو کاتژمێر 11:00ی شەوی ڕابردوو، 16 کەس گیانیان سپاردووە و سێ هەزار و 999 کەسی دیکەش بە شێوەی جیاواز بریندار بوون و بەشێکیان بەهۆی سووتاوی و برینەکانیانەوە، تەندروستیان ناجێگیرە.
میعادیفەر ئاماژەیداوە، لە کۆی گشتیی بریندارەکان، تەنیا 115 بریندار لە شوێنی ڕووداوەکان تیمارکراون و سێ هەزار و 884 بریندار بۆ چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.
زیاتر ڕوونیکردووەتەوە، کە تەنیا شەوی ڕابردوو 10 کەس بەهۆی تەقەمەنی و یارییە ئاگرییەکان گیانیان سپاردووە.
هەروەها 186 کەس بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ئەندامێکی جەستەیان لێکراوەتەوە و هەزار و 211 کەسی دیکەش جەستەیان بە ڕێژەی جیاواز سووتاوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی فریاگوزاری ئێران دەڵێت: هەزار و 142 کەس لە بریندارەکانی چوارشەممەسووری، چاوەکانیان زیانی پێگەیشتووە و بەشێکیان بیناییان لە دەستداوە.