تابلۆی شازادەیەکی ئەفریقایی، پاش 90 ساڵ لە ونبوونی دۆزرایەوە

تابلۆیەکی هونەرمەندی ناوداری نەمسایی گۆستاڤ کلیمت، کە ساڵی 1930 ون بووبوو، پاش دۆزینەوەی، بۆ یەکەمجار لە پێشانگەیەکدا لە هۆڵەندا، نمایش کرا.

گۆستاڤ کلیمت، تابلۆی شازادە ویلیام نیی نۆرتی دوونا، نوێنەری هۆزی (غا) لە ڕۆژاوای ئەفریقا، غانای ئەمڕۆ، ساڵی 1897 کێشاوە.

 تابلۆکە، دیمەنی لاڕوومەتی شازادەکەیە، بەرزییەکەی نزیکەی 60 سەنتیمەرە، لە لایەن گەلەری وینرۆزیزەر و کۆڵباخەرW&K لە  پێشانگەیTEFAF  لە شاری ماستەریخت، لە هۆڵەندا، نمایش کراوە و نرخی 15 ملیۆن یورۆی لەسەر دانراوە کە دەکاتە نزیکەی 16 ملیۆن و سێ سەد هەزار دۆلاری ئەمەریکایی.

لە ڕاگەیەنراوێکی ڕۆژنامەوانی پێشانگەکەدا هاتووە "کاتێک تابلۆکەمان پەیدا کرد، زۆر پیس بوو و بە ئاستەم ئیمزای کلیمتی بەسەرەوە دیار بوو، دواتر، ڕاستیی ڕەسەنیی تابلۆکە لە لایەن شارەزای مێژووی هونەر، ئەلفرید ویدینجر، سەلمینرا." هەر بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەنراوە، ساڵی 2023 دوو کەس، کە ئارەزووی کۆکردنەوەی تابلۆی هونەرییان هەبووە، پەیوەندییان بە گەلەری  W&K کرد و ئەمانیش تابلۆکەیان لێیان کڕیوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment