بەشێک لە گەشتیار و میوانەکانی نەورۆزی ئاکرێ لەنێو ئۆتۆمبێل و خێوەتدا ڕۆژیان کردەوە

ئەمڕۆ مەشخەڵی نەورۆزی ئاکرێ سەرنجی جیهان ڕادەکێشت

ئاکرێ جمەی دێت لە گەشتیارانی بیانی و ناخۆیی بۆ ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 20ی ئاداری 2025، بەشداریی لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و ئاهەنگی پێشوازیی لە ساڵی نوێی کوردی بکەن، بەهۆی نەمانی شوێنی حەوانەوە لە میوانخانەکان و ماڵان و دەرەوەی ئاکرێ، ژمارەیەک زۆری خەڵک لەنێو خێوەت و ئۆتۆمبیلەکانیاندا ڕۆژیان کردووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ، هاتنی میوان و گەشتیاران بۆ بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی  کوردی بۆ ئاکرێ بەردەوامە و فەرمانگەی گەشتوگوزاری شارەکەش پێشبینی هاتنی زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار دەکات، کە ئەمڕۆ لە ئاکرێ بەشداریی ئاهەنگ و چالاکییەکان بن.


گەشتوگوزاری ئاکرێ ئاماژەی داوە، بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە هاتنی گەشتیاران کەمبووەتەوە بۆ بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆز. 

 ئەمساڵ، میوانخانەکانی ئاکرێ پڕ بوون لە میوانی بیانی و ناوخۆیی، بەهۆی نەمانی شوێنی مانەوە، بەشێک لە گەشتیارەکان لە لایەن دانیشتووانی ئاکرێوە میوانداریی کراون و بەشێکی دیکەش لە گەشتیارەکان لە دەرەوەی شارۆچکەکە شوێنی مانەوەیان بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆز بکەن.

هەروەها ژمارەیەک زۆری هاووڵاتییان و گەشتیاران بەهۆی دەستنەکەوتنی شوێنی مانەوە، شەوی ڕابردوو لە شۆستە و قەراغ شەقامەکانی ئاکرێ خێوەتیان هەڵداوە و لەنێو خێوەت و ئۆتۆمبێلەکانیاندا ڕۆژیان کردووەتەوە.

داگیرساندنی ئاگری نەورۆز 

چالاکییەکانی داگیرساندنی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاکرێ، کە بە پایتەختی نەورۆز ناسێندراوە، بڕیارە کاتژمێر حەوتی ئێوارە دەست پێ بکات.


بۆ داگیرساندنی ئاگرەکە سێ هەزار مەشخەڵ ئامادە کراوە و هەشت گرووپی گەنجانی خۆبەخش بە داگیرساندنی مەشخەڵەکانی دەستیان، بەرەو پێنج شوێن بەڕێ دەکەون بۆ داگیرساندنی ئاگری نەورۆز و پێشوازیی لە ساڵی نوێی 2725ی کورد.

ئەو پێنج شوێنەی ئاگریان لێ دەکرێتەوە


-    قەڵای میری
-    قەڵای کۆنی ئاکرێ
-    ڕەزی میری
-    شێخ ماف
-    گرێ تۆپان


بەڵام قەڵای میری و قەڵای کۆنی ئاکرێ سەرەکیترین شوێنن کە گەنجە خۆبەخشەکان مەشخەڵی بۆ دەبەن، چونکە دەکەونە بەرانبەر لووتکەی گری ئاکرێ، هەر لە سەر گری ئاکرێ، خێمەیەکی گەورە و ڕازێنراو بۆ ئامادە و بەشداربوونی میوانانی بیانی و کونسوڵ و شاندە بیانییەکان، هەڵدراوە.

وێنەی ئەرشیف

ئامادەکارییەکانی کەرتی تەندروستی ئاکرێ

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئاکرێ بۆ ئەمڕۆ، پێنج تیمی جێگیری پزیشکی لە شوێنی مانەوەی گەشتیاران جێگیر کردوون و پێنج تیمی گەڕۆکیشی لە شوێنە گەشتیارییەکان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئاکرێ ڕایگەیاندووە، لە هەردوو نەخۆشخانەی فریاکەوتن و گشتیی، ئامادەکاری تەواویان کردووە، بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو. 

وێنەی ئەرشیف