جارێکی دیکە ئەمەریکا هێرشی کردە سەر حووسیەکانی یەمەن

ئەمەریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 21ـی ئاداری 2025، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی نوێی بۆسەر شوێنەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەست پێ کرد، ئەمەش دوای نوێبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل.
سەرچاوە خۆجێییەکان لە یەمەن ڕایانگەیاندووە "هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ناوچەی تەحیتا لە باشووری پارێزگای حودەیدە کردووە، ئاماژەیان بەوەش کرد، شەش هێرشی ئاسمانی لە ناوچەی فەزا لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی کردووە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا سێنتکۆم، بەردەوامی هەڵماتەکانی دژی حووسییەکانی پشتڕاستکردەوە، هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکان لە کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگرەوە هەڵدەفڕن بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان، هاوکات نوسراوی "Red Rippers Don’t Sleep"، کە ئاماژەیە بۆ فەوجە جەنگییەکانی 11هەمی هێزی دەریایی ئەمەریکا.
ئەو هەڵمەتانە دوای چەند کاتژمێرێک هات سوپای ئیسرائیل ڕایانگەیاند "حووسسیەکان دوو مووشەکیان لە یەمەنەوە هەڵداوە، مووشەکەکان لە ناوچانە کەوتوونەتە خوارەوە کە کەسی تێدا نیشتەجێ نەبووە و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە."
لەبەرامبەردا حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی ئەلمەیسرە بەرپرسیارێتی خۆیان لە هەردوو هێرشەکە ڕاگەیاند و یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی گرووپەکە گوتی: حووسییەکان مووشەکێکی بالیستی هایپەرسۆنیکی "فەڵەستین 2"یان بەرەو فڕۆکەخانەی بن گوریۆن هەڵداوە.
حودەیدە و چەند پارێزگایەکی دیکەی یەمەن شایەتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بوون لە سەرەتای دەست پێ کردنی هەڵمەتی یەمەن لە شەممەی ڕابردووەوە، کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ.
کەناڵی ئەلمەسیرە بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئەمەریکا چوار هێرشیان بۆ سەر شارۆچکەی مینا لە شاری حودەیدە دەست پێکردووە، ئەمە جگە لە هەڵکوتانە سەر شارۆچکەی سەفرە لە پارێزگای سەعدە کە شوێنی سەربازی و کۆگای چەکی تێدایە و بە یەکێک لە بەهێزترین مۆڵگەکانی گرووپی حووسییەکان دادەنرێت.