ژمارەیەک کێڵگەی مین لە سۆران کەوتوونە نێو ماستەر پلانی گەشتیاری دەڤەرەکە

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیەک کێڵگەی مین هەن، کەوتوونە ناو ماستەر پلانی گەشتیاری و بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای مین دەیەوێت بەخێرایی ناوچەکە لەمین پاک بکاتەوە.

هەینی، 21ـی ئاداری 2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشتیاری سۆران ژمارەیەک کێڵگەی مین هەن، ئەو کێڵگانە بۆ سەردەمی ڕژمێمی بەعس دەگەڕێنەوە، لە21 ٪ ئەو کێڵگانە لە مین پاککراونەتەوە، کە ژمارەیان 221مین دەبێت.

لەبارەی پڕۆژەی گەشتیاری سنوورەکە، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەگەر کەش و هەوا لەباربێت تیمەکان دەتوانن بەخێرایی کارەکانیان بکەن و ماستەر پلانەکە وەک خۆیی جێ بەجێ دەکرێت بەتایبەتی ئەو تێروانینەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەرچوار وەرزی ساڵ گەشتیاران ڕووی تێدەکەن و بە جێ بەجێکردنی ماستەر پلانی گەشتیاری لەو سنوورە، گەشتیاری سۆران لە لۆکاڵییەوە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری نێودەوڵەتیی.