تکریت..لەسەر شەڕی عەشایەری 14 کەس دەستگیر کران

ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئاداری 2025، فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، دوای شەڕ و پێکدادانێک کە دواتر بووەتە شەڕێکی عەشایەری، 14 کەس دەستگیر کران، ئاماژەی بەوەش دا، تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر کراوە و ڕەوانەی دژە تیرۆر کراوە.

فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەددین لە راگەیەندراوێکدا گوتی: شەڕەکە، لەسەر شەڕی منداڵان لە گوندی ئەلشەهامەی سەر بە شاری تکریت ڕووی داوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بێت و بگۆڕێت بۆ "شەڕی عەشایەری".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش  هاتووە، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنێ ڕووداوەکە و بەپێی ماددەی 413ـی یاسای سزادانی عێراقی، 14 کەس لە هەردوو لایەنی شەڕکەر، دەستگیر کراون.

ڕوونیش کراوەتەوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری، ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە دیاری کرا، کە تفەنگێکی کلاشینکۆفی پێ بووە و بەپێی یاسای دژە تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005، ڕەوانەی بەشی هەواڵگری و دژەتیرۆر لە سەڵاحەددین، کراوە.