بڕیارە ئەمڕۆ جەهەپە، ئیمامئۆغڵو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید بکات
                        چاوەڕێ دەکرێت ئیمامئۆغڵو بە شێوەیەکی فەرمی وەکوو کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دیاری بکرێت.
یەکشەممە، 23-03-2025، هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ دیاریکردنی کاندیدی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوە دەچێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبووڵ دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت جەهەپە، ئیمامئۆغڵو وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکات.
ئەوە لە کاتێکدا، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 19-03-2025، بە تۆمەتی هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و گەندەڵی دارایی، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبووڵ و دەستبەسەریان کرد.
شەوی ڕابردووش (شەممە، 22-03-2025)، ئیمامئۆغڵو بردرایە بەردەم دادگای باڵای تورکیا و گوتەی لێ وەرگیرا. داواکاری گشتی داوای کرد ناوبراو لە زیندان بمێنێتەوە تا دۆسیەکەی یەکلایی دەبێتەوە.
به پێی ڕاگه‌یه‌نراوێكی شاره‌وانیی ئیستانبووڵ، ئیمامئۆغڵو سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دراونه‌ته پاڵی، له به‌رده‌م دادگادا ڕه‌ت کردوونەتەوە و به "نائه‌خلاقی و بێ بنه‌ما" ناوی بردوون.
وه‌كوو له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی شاره‌وانیی ئیستانبووڵدا هاتووه، ئیمامئۆغڵو جه‌ختی كردووه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ری ده‌كرێت ته‌نیا بۆ له كه‌داركردن و ناوزڕاندنی كه‌سایه‌تی و ڕاستگۆییه‌كه‌یه‌تی.
لەلایەکی دیکەوە جەهەپە خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکات و بۆ ڕێگریی لە دانانی قەییوم، بڕیاریی داوە ڕۆژی یەکشەممە، 06-04-2025، کۆنگرەی نائاسایی ببەستێت.
