وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو: ناکرێت ڕکابەرە سیاسییەکان لە زینداندا بن

ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە تورکیا و دەڵێت: پێویستە یاسا لە وڵاتەکەتان سەروەر بێت و ناکرێت ڕکابەرە سیاسییەکان لەنێو زیندان و بەردەم دادگاکان بن.

ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پۆستێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاو کردەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدات و دەڵێت: لە ژێر سایەی ئەو کارانەی لە دژی ئیمامئۆغڵو و کەسانی دیکەدا کران، تا دێت پرۆسەی پابەندبوونی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا، بەرەو نەمان دەچێت. 

 

 

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردووەتەوە "ناکرێت ڕکابەرە سیاسییەکان لەنێو زیندان و بەردەم دادگاکاندا بن. ئەو وڵاتەی ئاییندەی خۆی لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا دەبینێتەوە، پێویستە یاسای تێیدا سەروەر بێت."

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 23-03-2025، دەیەمین دادگەی تاوانەکانی ئیستانبوڵ لە چاغڵایان، بە تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی رێکخراوی تاوان، بەرتیلدان و وەرگرتن، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و گەندەڵی دارایی، بڕیاری بەندکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەرکرد.