ترەمپ: لە گرووپچاتەکەدا هیچ زانیارییەک لەبارەی هێرشکردنە سەر حوسییەکان نەبووە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: دزەپێکردنی گفتوگۆکانی گرووپچاتی سیگناڵ بە ڕێكکەوت ڕوویداوە و، راستە کارێکی هەڵەمان کردووە بۆ جاری داهاتوو لەو هەڵەیەمان وانە وەردەگرین و ئەو کارە دووبارە ناکەینەوە.
سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دزەپێکردنی گفتوگۆکانی گرووپچاتی سیگناڵ، لەبارەی پلانی هێرشکردنە سەر حووسییەکان بە ڕێککەوت ڕوویداوە و بۆ جاری داهاتوو لەو هەڵەیەمان وانە وەردەگرین و ئەو کارە دووبارە ناکەینەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، لە گفتوگۆ دزەپێکراوەکەی سیگناڵدا، هیچ زانیارییەک لەبارەی لێدان لەسەر حوسییەکانەوە و پلانی داهاتوو بۆ هێرشکردنە سەریان نەبووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەبوونی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە گفتوگۆی نێو گرووپچاتەکەدا کاریگەریی نەبووە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی حوسییەکان.
هاوکات ترەمپ لەبارەی مایک واڵتزەوە، گوتی: "ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، ئەو هەڵەیەی ئەنجام داوە و ڕۆژنامەنووسەکەی داخڵی گرووپچاتەکە کردووە، بەڵام واڵتز لە هەڵەکانی وانە وەردەگرێت کە جارێکی دیکە دووبارەی نەکاتەوە و پیاوێکی باشە".
جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و نووسەر لە گۆڤاری 'ئەتلانتیک'، ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە تایبەتییەکانی هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان، ئاڵوگۆڕ کردووە.
باسی لەوەش کرد، گرووپەدا بە ناوی 'گرووپی بچووکی حووسییەکان' بوو، زانیاریی گرنگ و نهێنی لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاڵوگۆڕ دەکران.