سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر 450 ملیار یۆرۆ رێکدەکەون؟
سەرکردەکانی ئەوروپا بە دەمامکەوە لەنزیک یەکدی وەستاون پێش کۆبوونەوەیان لە برۆکسل، وێنە: AFP
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بۆ رۆژی سێیەم لەسەریەک کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی "سندووقی رزگاریی ئەوروپی" لەپێناو بووژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکانیان، کە بەهۆی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی ئەوروپا تووشی گەورەترین شۆکی ئابووری ببێت لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، بۆیە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی هەیینی گفتوگۆی چڕیان لەبارەی سندووقێکی پارەدارکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئابووری بە بەهای 750 ملیار یۆرۆ (856 ملیار دۆلار) و بودجەی یەکێتیی ئەوروپاش بۆ ساڵی 2021 بە بەهای زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار دەستپێکرد.
بەڵام هەرزوو وڵاتانی دەوڵەندی ئەوروپا لە باکووری کیشوەرەکە کە پێکهاتوون لە: هۆڵەندا، نەمسا، دانیمارک و سوید، لەنگەریان لەبەردەم گفتوگۆکان دانا، لە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەدوای دەستپێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
ئەو وڵاتانە پێیان باش بوو پارەکە وەکو قەرز بدرێتە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوانەی زۆر زیانمەند بوون بە کۆرۆنا کە زۆربەیان وڵاتانی نزیک دەریای ناوەڕاستن، نەوەک بەبێ بەرامبەر پێیان بدرێت، هەروەها دەیانەوێت کۆنترۆڵێکی زیاتریان هەبێت لەبارەی چۆنییەتی خەرجکردنی پارەکە لەو وڵاتانە.
جۆزێپێ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند وڵاتەکەی زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرکەوتووە و چاوەڕێی هاوکاری زیاترە، دووپاتیشی کردەوە ئەگەر لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیاندا رێکنەکەوتن، زیان بە هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دەکەوێت.

هەرچەندە لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکان چاوەڕوانی شکستی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکرا لە رێککەوتن، بەڵام دوێنێ شارل میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا پێشنیازێکی کرد، کە رەنگە ببێتە بنچینەی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان.
پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا ئەوەیە: بڕی یارمەتییەکان لە 500 ملیار یۆرۆوە بۆ 450 ملیار کەمبکرێتەوە، لەبەرامبەردا پاشەکشە بکەن لەو مەرجەی "دەبێت هەمووان رازیبن لەسەر هێڵەکانی چاکسازی کە وڵاتانی زیاندمەند بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەشی دەکەن"، لەپێناو وەرگرتنی قەرز لەو سندووقە.
بەگشتی پێدەچێت گفتوگۆکانی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەو لووتکەیەدا هێشتا دوور بن لە ئەنجام، شارەزایان بەدووری نابینن ئەگەر بەهۆی نەرمی نەنواندنی یەکێک لە وڵاتەکان، یان رازینەبوون لەبارەی وردەکارییە تەکنیکییەکان، پێش کۆتایی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی لووتکەی دیکە بکرێت، بەشێوەیەک کە سەرۆکایەتی ئەڵمانیا هیوای بۆ دەخوازێت و هەریەک لە ئیتاڵیا و ئیسپانیاش چاویان لەوەیە زوو دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی پلانەکانی رزگاری و پێدانی هاوکاری بە دەزگاکان و هاووڵاتییانیان.